1 2 3 4 5

شەرمکردن و ڕووداوەکانی باشووری کوردستان

 

photo_۲۰۱۷-۱۰-۲۶_۰۰-۰۳-۲۸

شەرمکردن و ڕووداوەکانی باشووری کوردستان

باسی شەرم دەتوانێ بابەتێکی بەربڵاوی ئەخلاقی و ئایینی و عێرفانی و فەرهەنگی بێت. هەروەها دەکرێ لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی و دەروونناسییەوە بە تیروتەسەل لە سەری باس بکرێت. دیارە ئەم کورتە نووسینە ناخوازێ لەو سووچە جۆراوجۆرانەوە بابەتی شەرم بخاتە بەر لێکۆڵینەوە و توێژینەوەوە. بەڵام هەر کەس لە ڕووی دیناوێکی تاکییەوە دەزانێ شەرم چییە و هەرکەسیش تاکوتەرا لە ژیانی ڕۆژانەیدا ئەزموونی دەکات یا کردوویەتی.

شێکسپیەر لە پەردەی سێهەمی هاملێتدا دەڵێ: “هاوار ئەی شەرم! سووریەکەت دیار نییە.” مارکسیش دەڵێ: “شەرم، جۆرێک تووڕە بوونە لە خۆمان.” ئەرەستوو وتوویەتی مرۆڤ تەنیا بوونەوەرێکە بیر دەکاتەوە. ئەگەر منیش بتوانم لە ڕێی مارک تواینەوە لاسایی ئەم وتەیە بکەمەوە دەڵێم مرۆڤ تاقە بوونەوەرێکە شەرم دەکات و سوور دەبێتەوە. کەوابوو ڕەنگی شەرم سوورە. مرۆڤ پێویستی بەم سوور بوونەوەیە هەیە. کاتێ لە خۆمان سوور دەبینەوە واتە لە خۆمان تووڕەین و دژی خۆمان شۆڕش دەکەین. خود، دەتوانێ تاک، گرووپ، ڕێخراوە، چین و نەتەوە بێت. ڕەنگە ئێمەی کورد کاتێ لە مێژوومان دەڕوانین کەمترین سووربوونەوە لە خۆمان بەدی بکەین. ئەمەش واتای ئەوەیە ئێمە ناتوانین خۆمان سزا بدەین. ئەڵبەت ناتوانین بێژین ئێمە هەرگیز شەرمەزار نابین؛ بەڵام ئەو شەرمەزاریەی کە هەیە ئەگەر بە وردیەوە فەرهەنگی کوردی بخرێتەبەر سرنجەوە بۆمان دەردەکەوێت ئەم شەرمکردنە زیاتر لە ژێر کاریگەری ئەخلاقی دینی و لە ڕێگەی ئامۆژگاری ئاینییەوە و بە یارمەتی واژەگەلی تاوان و سەواب و پاداشتی چاکە و خرابە باسی لێوەکراوە.  بەڵام شەرم بە واتا تازەکەی کە زیاتر زانستی کۆمەڵناسی لەسەری دەدوێت، ئێمە وەک کولتوورێک نایناسین. هەر کەس لە ژیانیدا جموجۆڵێک یان کردەوەیەک لە خۆی دەنوێنێ، کەچی پاشان دەردەکەوێت کردەوەکەی خەسارەتی بووە و ئاکامی زیانباری لێکەوتووەتەوە، ئەگەر لەو ئانەدا بتوانێ لە خۆی سوور ببێتەوە و لە خۆی تووڕە ببێت ئیدی ئەو کات دەتوانین بەم کولتوورە گەشبین بین. بەڵام وەرە، سەرلەبەری مێژووی گەلی کورد سەروژوور بکە بزانە چەند کارەسات و تاوان و خەیانەت و پیلانگێڕی دژی ئەم گەلە دەبینی، کەچی سرنجیش بدە بزانە هەرگیز بە مسقاڵیش شەرمکردن و شەرمەزاری لە ئاست ئەم هەموو نەگبەتیە دەدۆزیتەوە؟ بۆیە کاتێ ئێمە ناتوانین لە خۆمان شەرم بکەین و لە خۆمان سوورببینەوە، دیارە تراژدیە ڕەنگاوڕەنگەکان هەمیشە لەبەر دەرگای ئەم نەتەوەدا ڕزیان پێکاوە و دانە دانە دەیانەوێت بە نۆبەت بێننە ژوورەوە. تا کورد هەمتر بەشێوەی باو، لە ڕێگەی هەست و سۆز و مەزڵوومیەتەوە، لە ڕێگەی بێدەرەتانی و بێکەسییەوە سرنجی خەڵکان ڕابکێشێ. هەر ئەم مەزڵووم نوێنیە فەرهەنگی شەرمی لە کۆمەڵگای ئێمە سڕیوەتەوە و هەمووکەس جگە خۆمان دەبینین. ئیمام موحەممەد غەززالی دەڵێ: شەرم لە نێوان ڕووداری و کەمڕوویدا قەرار دەگرێ. بەڕاستی ئەوەی لەم ڕۆژانە لە باشووری کوردستاندا ڕووی داوە ڕنگە بارتەقای لە شەرم و شەرمەزاری زۆرتر بێت، ئەوە زیاتر ڕوودارییە، زیاتر بێحەیاییە،کە لە جیاتی شەرم، تەریق بوونەوەی گەرەکە. کەچی وادیارە نەتەنیا شەرم ناکەن، بەڵکوو بێحەیایانە ڕوویان هەڵماڵیوە و پاساو بۆ کردەوەکانیان دێننەوە و لە ئازاری مناڵانی ئاوارەش تەریق نابنەوە، تەنانەت چاوەڕوانی خەڵاتیش دەکەن!

photo_۲۰۱۷-۱۰-۲۶_۰۰-۰۳-۲۸

شەرم، بە واتای تووڕە بوون لە خۆمان و گەڕانەوە بۆ ناخی خۆمان دیاردەیەکی پۆزەتیڤە؛ کەچی کۆمەڵگای دابەش بووی کورد لێی غەوارەیە. ئەرەستوو لە ئەخلاقی نیکوماخوسدا باس دەکات و دەڵێ ترسی لە دەستدانی ناو  و ناوبانگ باشە، کاردانەوەشی ئەوەیە مرۆڤ تووشی کردەوەی قیزەون نابێتەوە. دەڵێ وا باشە لاوەکان  هەستی شەرمەزاریان لا هەبێت، ‌چون لاوەکان زیاتر لە ژێر کاریگەری هەست و ویستی کەسەکیی دان، لەم ڕووەشەوە زۆجار هەڵە دەکەن. بۆیە شەرم و شەرمکردن دەتوانێ ئەوان لە هەڵەکردن بپارێزێت. بەڵام وا دیارە ئەوانە ناوبانگ و حورمەتێکیشان نەبووە تاکوو لێی پارێزگاری بکەن. سوقرات دەڵێ “شەرم” و “ئاوەز” دوو هۆکارن دەتوانن مرۆڤەکان بەهێز بکەن. بەڵام کاڵفامی و ئاوەز پێکەوە کۆنابنەوە. ڕازی مانەوەی سوقرات لە ڕاستیدا شەرمکردن بوو لە نەزانین و ئەو بەردەوام بۆ هەناوی خۆی دەگەڕایەوە و دانی بە نەزانینەکانی دەنا. هەر سوقرات، لە نامیلکەی مێوانیدا دەڵێ بە دەستهێنانی جوانی و شەرمکردن لە کاری قیزەون، دەتوانن یارمەتی بدەن هەتا تاک یان کۆمەڵگایەک هەستنەوە و کاری مەزن و شوێندانەر ئەنجام بدەن. ئەگەر جوانی، بە تایبەتمەندی عێشق بزانین و، عێشق و ئاوەز و شەرم، لە کۆپۆزیسیۆنێکدا کۆبکەینەوە و بەم ئاراستەوە بچینە ناو جوڵانەوە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانمانەوە دەتوانین چاوەڕانی سەرکەوتن و بەختەوەری بکەین. کەچی لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە تایبەت لە باشووری کوردستان ‌هێشتا هەندێک لە ژێر هێژمۆنی حزب و بە هۆی لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندی حزبی و بۆ سەرکەوتن لە ئاست بەرامبەرەکەیاندا داخ لە دڵانە بە پێودانگی تۆڵەسەندنەوە ناتوانن شەرم و عێشق و ئاوەز، لە بەستێنی کارکردندا لە پێناو ئازادی و بەختەوەریی نەتەوەییدا وەگەڕ بخەن. بۆیە ناشتوانن شەرم لە کاری قیزەون و تێکدەرانە نەکەنەوە. بە ڕاستی ئێمە وەک مرۆڤی مۆدێرن پێویستە لە کێ شەرم بکەین؟ لە ویژدان یان لە خوداوەند؟ لە سیستمی دینیدا ئێنسان بۆ تاوانەکانی لە بەرامبەر خوداوەند “خەجاڵەتبار” دەبێ. لە حکوومەتی پاشایەتیدا خەڵک لەوانەیە شەرمەزاری پاشا بن. لە دونیای تازەدا داگیرکاریی دەتوانێ تاک یان کۆمەڵگایەک شەرمەزار بکات. بزانە شاملۆ چۆن لەو شێعرەی خوارەوە باسی ئەو شەرمە دەکات:

من بامدادم

نام کوچکم عربی‌ست

نام قبیلە‌ییم ترکی

کنیتم پارسی

نام قبیلەییم شرمسار تاریخ است

ئەگەر کورد خاوەنی “مێژوو” بوایە و مێژووش، مێژووی حزب نەبایە و هێزی سزادانی لە هەگبەدا هەڵگرتایە حەتم ئەوانە بەو ئاسانیە نەدەوێران بێباکانە جەسارەت بکەن و پاشانیش دەرکەون و بێشەرمانە گاڵتە بە شعوری خەڵک و بە مێژووی گەلێک بکەن. دەڵێن مێژوو بێرەحمە و ڕەحم بە کەس ناکات؛ بەڵام داخەکەم وادیارە ئێمە یا مێژوومان نییە یا زۆر دڵڕەحمە!

نەتەوەی کورد هەتا ئێستا چەندین جار تووشی داڕمان و هەرەس و نسکۆ بووەتەوە، بەڵام لە جیاتی تووڕە بوون لە خود و دۆزینەوەی کەمایەسی و کەموکورتیەکان زیاتر پەنای وەبەر “تیئۆری تەوتەئە” بردووە. کورد بۆ پاکانەی شکستەکانی هەمیشە گەڕاوە لە چوار دەوریدا هەندێ هۆکاری دۆزیوەتەوە و هەرەسەکەی پاساو داوەتەوە. بەداخەوە بە هۆی دۆخی نالەباری کورد لە ناوچەکەدا هۆکاری بەرپەرچدانەوە و پاساودانەوە هەتا حەزبکەی فراوانن. هەمیشە شکستەکان حەواڵەی ئەو  جۆرە دۆخە کراون. کەمتر بۆ ناخی خۆمان گەڕاوینەتەوە و لە هەناوی خۆمانەوە هێزمان وەرگرتووەتەوە. واتە “زەروورەت”، بەربەستێک بووە تا خۆمان نەبینین، زەروورەت هەمیشە واقعی لێ گۆڕاوین. یەکێ لە هۆکارەکانی ئەم دیاردەیەش لەوانەیە ئەمە بێت کە کورد لە لایەن دیتریەکەیەوە لە سووچی چەشناوچەشنەوە بەردەوام تەحقیر و سووک کراوە و بە زەلیل و پلە دوو دانراوە. ئێمە بەردەوام سەرقاڵی ئەم دەردە بووین، ئێمە هەمیشە لە ئاست ئەم هێرشە وێرانکەرانەدا بۆسەر ڕۆحی نەتەوەییمان بە هەموو هێز و توانامانەوە تێکۆشاوین و بەرگریمان کردووە؛ کەچی بەرانبەرەکە حەسێبێکی بۆ نەکردووین و لە هەوڵی ئەوەدا بووە بمان ڕۆخێنێ تا ببینەوە بە زەلیلەکەی جاران. لەو ئانەشدا کورد لە دۆخێک قەرار دەگرێ و باوەڕ بە واقعە درووست کراوەکە دەکات و ئێتر ناتوانێ خۆی و واقعی خۆی ببینێت و فەلسەفەکەی و گوتارەکەی ون دەکات.

هەستی شەرمەزاری بڕیجار لە ئاستی تاکدا نامێنێتەوە؛ بەڵکوو دەتوانێ بۆ ناو گرووپ و حزب و نەتەوەش تەشەنە بکات. دیارە نەتەوەیەک دەتوانێ لە ئاست دواکەوتوویی و کەموکورتیەکان، لە ئاست شکست و کارەساتەکانی لە خۆی تووڕە بێت و “ئەزموونی شەرم” بکات. ئەم ئەزموونە، دەتوانێ تاکەکانی نەتەوەیەک و هێزەکانی کۆمەڵگایەک بەیەکەوە ببستێتەوە و لەسەر ئامانجێک کۆیان بکاتەوە هەتا بتوانن ئەو ئەزموونە بە سەرکەوتوویی تێپەڕێنن و بۆ سەرکەتنی زیاتر، یەکڕیز و یەکگرتوو، ئامێز بۆ یەکدی بکەنەوە و لە ئاست ئازارەکان پشت لە یەکتر نەکەن.

 

کورد لە ڕۆژانی ڕابردوودا وادیارە شەرمی ئەزموون کرد، بەڵام نابێ ئێزن بدرێت هەستی شەرمەزاری و خەجاڵەتباری بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ ببێت. ئەگەر شەرمکردن و تووڕە بوون لە خود لە ئاستی تاکدا ئەرێنی بوو، لە ئاستی نەتەوەییدا کوشەندەیە. ئێدوارد سەعید لە کتێبی ڕۆژهەڵاتناسیدا دەڵێ وڵاتانی داگیرکەر بۆ ئەوەی بتوانن پرۆژەی کلۆنیکردنی خۆیان لە وڵاتاندا بەڕێوە ببەن بەردەوام تێدەکۆشن ئەو “هەستی شەرمەزاری”یە لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا پەرە پێبدەن و زاڵی بکەن. ئێستعمارگەر دەخوازێ لەم سونگەوە ئێرادەی گەل بڕۆخێنێت تا دواجار چۆک دابدات. هەر بەو جۆرەی تاک پێویستە لە خۆی تووڕە ببێت، پێویستیشە توند و تیژ دژی ئەوانەش بوەستێتەوە کە دەیانەوێت “هەستی شەرمەزاری” بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنن هەتا لە پێناوی ئەواندا ئێرادەی گەل تێکبشکێت. بۆ زێندوو ڕاگرتنی ئێرادەی گەل دەبێ لە خۆمان تووڕە ببین و کولتووری شەرم ببوژێنینەوە. چون ئەگەر نەتەوەیەک و کۆمەڵگایەک بە هۆی ئەزموونی شەرمەوە ڕاپەڕێ و هەڵسێتەوە، بە هۆی ئەزموونی شەرمەوە لە خۆی تووڕە ببێت، بە دڵنیاییەوە دەتوانێ بەرەو قۆناخێکی گەشتر دۆخەکە بەسەربەرزییەوە بگوازێتەوە. ئەم تووڕە بوونە دەتوانێ هێزەکان و پتانسیلەکانی کۆمەڵگایەک بێنێتە مەیدانی خەباتەوە دژی دواکەوتوویی و گەندەڵی و ژێردەستەیی و زەلیلی. باشووری کوردستان ئێستا لە قۆناغێک قەراری گرتووە مێژوو بە هاوار، تاک و کۆمەڵ بانگهێشت دەکات تا بوێرانە شەرم ئەزموون بکەن. کورد تاکوو نەتوانێ وڵامێکی گشتگیر بۆ هەبوونی خۆی بدۆزێتەوە و نەتوانێ لە ڕووی بیردۆزیەوە کێشەی فەلسەفی و فیکری خۆی چارەسەر بکات، ئەستەمە بتوانێت ئەزموونی شەرم فام بکات. ئەمەش دووبارە کاردانەوەی هەمان قەیرانی تیئۆریکە. هەر ئەمەش قەیرانی شوناس درووست دەکات. ئەزموونی شەرم، لەم سەردەمەدا دەتوانێ یارمەتی کورد بدات هەتا لە قەیرانی شوناس خۆی قوتار بکات. ئەگەر شوناسی خۆمان نەدۆزینەوە هەبوون و شوناسمان مسۆگەر نابێت و دەبێ ساڵگارانێکی‌تر تەنیا خەجاڵەتبار دابنیشین و هەست بە تاوان بکەین و بەردەوام گوناحی بێوڵاتی بە کۆڵ کێش بکەین. لە کۆتاییدا لە زمانی فروغەوە دەڵێم: “ناوی ڕزگاری‌دەرەکەت لە ئاوێنە بپرسە”.

کەیهان عەزیزی.

https://telegram.me/joinchat/AAAAADzq5zjD346_0wAkNg

   لینک کانال خبری ده نگی نوریاو @dangenoryav 🌎

درباره ی مـظفـر ولـدبیگی

ئه م وب سایت که له به ر چاوی خوینه رانی به ریزه ، له لایه ن مزه فه ري وه له د به گي و به هاوكاري هيوای برای ئه رکه کانی به ریوه ده چی . له خوینه رانی ئه م توره کومه لایه تیه داواکارین بو باشتر به ریوه بردنی،هاریکاری و هاوکاریمان بکه ن . بو په ره پیدانی زياتر به ژماره موبایلی 09183318945 یا ئیمه یلی mozafarnoryaw@yahoo.comپه یوه ندیمان پیوه بگرن . سه ربه رزیتان ئاره زومانه

یک دیدگاه

  1. مطلب به جایی بود. اینک براستی وقت شرمسار شدن است. مردم عادی گناهی ندارند که شرمسار باشند. سیاستمداران و عاشقان کرسی سیاست هم دنبال منافع خود و خانوده اشان هستند و نمیتوان توقع داشت شرمسار و پشیمان باشند. شرمساری برای کساتی میماند که در ظاهر روشنفکر و اهل مطالعه هستند ولی در باطن جامعه و افکار عمومی را به سمت بربریت و تعصبات قبیله ای سوق دادند. این به ظاهر روشنفکران نمیگذارند روشنفکران واقعی و دلسوز فعالیت و اظهار نطر کنند. و امروز دستاورد فعالیتهای آنان را میبینیم که چطور ناامیدی و کینه بر انسانهای اطرافمان حاکمان است. به این روشنفکرنماها میگوییم دست از تبلیغ فاشیسم و انداختن تفرقه و دیوار بین انسانها بردارید و اجتماع را بیشتر از این به لجن نکشید. از سرنوشت هیتلر و موسولینی عبرت بگیرید.

پاسخ دهید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.